سوپای ئوردن: 10 مووشەکی بالیستیکی ئێرانیمان خستنەخوارەوە
هێزە چەکدارەکانی ئوردن ئاشکرایان کرد کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرپەرچی 13 مووشەکی بالیستیکی داوەتەوە کە هاتبوونە نێو ئاسمانی شانشینەکەوە و توانیویانە 10 مووشەکیان بە تەواوی تێکبشکێنن.
چوارشەممە 2ـی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی ئوردن، هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێکی ئاماژەیان بەوە کردووە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە کۆی 13 مووشەکی بالیستیک، 10 مووشەکیان لە ئاسماندا خستووەتە خوارەوە و سێ مووشەکەکەی دیکەش لە ناوچە دوورەدەستەکان و دوور لە شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووان کەوتوونەتە خوارەوە.
سوپای ئوردن جەختی لەوە کردووەتەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هێرشە بەپێی رێکارە سەربازییە پەسەندکراوەکان بووە و بە هیچ شێوەیەک زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تیمە تایبەتمەندەکان دەستبەجێ چوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و مسۆگەرکردنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.
هاوکات سوپای ئوردن داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە هەر تەنێکی نەناسراو و پاشماوەی مووشەکەکان دوور بکەونەوە و دەستکارییان نەکەن، هەروەها خۆیان لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی پشتڕاستنەکراوە بەدوور بگرن و زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.
کەمێک پێش ئێستا، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی دابوو، لە چوارچێوەی شەپۆلی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا، بنکەی سەربازیی هێزەکانی دەریایی ئەمریکا ناسراو بە کەمپ تیتینیان لە کەناراوەکانی کەنداوی عەقەبە لەناو خاکی ئوردن بە مووشەکی بالیستیک کردووەتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئەمریکا کوژراون.