سوپای ئێران: بنکەیەکی ئەمریکامان لە بەحرین کردە ئامانج

پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەشی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەیان، لە رێگەی ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە بنکەی سەربازیی شێخ عیسای ئەمریکایان لە بەحرین کردووەتە ئامانج.

چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم هێرشە لە چوارچێوەی بیست و نۆیەمین قۆناخی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "ساعیقە" ئەنجام دراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە درۆنە بۆمبڕێژکان بە چڕی دامەزراوە رادارییەکان و شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لەناو بنکەی ئاسمانیی شێخ عیسا کردووەتە ئامانج وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی سەر خاکی ئێران.

ئەرتەشی ئێران باسی لەوە کردووە کە بنکەی شێخ عیسا لە بەحرین یەکێکە لە هەستیارترین و سەرەکیترین بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو، کە وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ چاککردنەوە و ڕاگرتنی هەلیکۆپتەر و کەرەستەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەها جێگیرکردنی فڕۆکە هەواڵگری و سیخوڕییەکان بەکاردەهێنرێت.

لە کۆتاییدا هۆشداری دراوە کە هێزەکانی ئەرتەش وەڵامی توند و بەرفراوانیان بۆ هەر هێرشێک دەبێت و تۆڵەیەکی سەخت و پەشیمانکەرەوە لە ئەمریکا دەکەنەوە.