سێنتکۆم: کۆتاییمان بە هێرشەکانی ئەمشەوی سەر سوپای پاسداران هێنا

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، شەپۆلێکی سەرکەوتووی هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجام داوە، کە ژمارەیەک بنکەی بەرگریی ئاسمانی، رادار و دامەزراوەی دەریاییی گرتووەتەوە.

چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی سێنتکۆم، هێزەکانی ئەمریکا دوێنێ سێشەممە، زنجیرەیەک پێگەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لەوانە پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستەمەکانی رادار، کەلوپەل و دامەزراوە دەریایییەکان، ناوەندەکانی پەیوەندی و ئەو کەرەستە و توانایانەی بۆ چاندنی مین بەکاردەهێنران.

ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بۆردوومانانە وەک وەڵامێک بووە بۆ هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و هەڕەشەکردن لە سەربازانی ئەمریکی.

سێنتکۆم لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئەرکدان و لەوپەڕی وریایی، توانای کوشندەیی و ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێکردنی بەردەوامی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکاوە فەرمانی پێبکرێت.