سوپای پاسداران سێیەمین شەپۆلی هێرشەکانی بۆ سەر ئوردن ئەنجام دا
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد کە لە رێگەی هێرشێکی چڕی مووشەکی بالیستیکەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ستراتیژییەکانی ئەمریکایان لە بنکەی ئاسمانیی "شازادە حەسەن" لە ئوردن کردووەتە ئامانج و چەندین فڕۆکەوان و ئەندامی تیمی تەکنیکیی ئەمریکی کوژراون.
چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی سوپای پاسداران، هێزی ئاسمانیی سوپاکە هێرشێکی مووشەکیی قورسی ئاراستەی شوێنی جێگیرکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دوورمەوداکانی ئەمریکا لە جۆرەکانی "ئاڕ کیو چوار" (RQ-4) و "ئێم کیو نۆ" (MQ-9) لە بنکەی ئاسمانیی شازادە حەسەن لەناو خاکی ئوردن کردووە.
لە رگەیەندراوەکەدا هاتووە کە جگە لە تێکشکاندنی ژمارەیەک درۆن و گڕگرتنی ژێرخانە تەکنیکییەکان، چەندین فڕۆکەوان و کادێری تەکنیکیی فڕینی ئەمریکی لەو بنکەیەدا کوژراون.
سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هێرشە تۆڵەسەندنەوە بووە بەرامبەر بە بۆردوومانکردنی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە شاری سیریک لە پارێزگای هورمزگان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، کە بە گوتەی ئەوان لەو هێرشەدا لە کۆی نزیکەی 70 کەس، چوار هاووڵاتی لە نێویاندا منداڵێک کوژراون و دۆخی بەشێک لە بریندارەکانیش ناجێگیرە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران پەیامێکی ئاراستەی گەلی ئوردن کردووە و داوای لێکردوون رێگری بکەن لەوەی خاکی وڵاتەکەیان بکرێتە پێگەیەک بۆ جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا.