ئیرنا: لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران 11 کەس کوژران

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، 11 کەس کوژراون.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر پارێزگای خووزستان باشووری رۆژئاوا حەوت کەس کوژراون و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەر بەگوێرەی  هەواڵەکەی ئیرنا، چوار کەسی دیکە کە لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا بوون لە شاری کوهستاک لە پارێزگای هورموزگان باشووری رۆژهەڵات گیانیان لەدەستداوە.

شەوی سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانیان بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەوروبەری گەرووی هورمز و کەناراوەکانی باشووری ئەو وڵاتە دەستپێکرد، هاوکات دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شار و دوورگە کەناراوییەکانی ئێران لەسەر کەنداو و دەریای عومان بیستراون.

  بەگوێرەی راگەیەندراوی سێنتکۆم، کاتژمێر 7:00ـ بە کاتی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە بۆردوومانکردنی چەندین پێگە و ئامانجی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ئەم هێرشانە لە وەڵامی هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران دێن بۆ بەئامانجگرتنی کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمز و هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.