بەحرەین: چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ئێرانمان تێکشکاند
فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرەین رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ئێرانییان تێکشکاندووە کە ئامانجیان هاووڵاتییانی مەدەنی بووە، جەختیش دەکاتەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک.
رۆژی چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئێران بەردەوامە لە رەفتارە دوژمنکارییە سیستماتیکەکانی و لەرێگەی هێرشی ناڕەواوە هاووڵاتییانی مەدەنی لە شانشینی بەحرەین دەکاتە ئامانج."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هێزی بەرگریی بەحرەین توانیویەتی رووبەڕووی چەند هێرشێکی ئاسمانیی ئێران ببێتەوە و تێکیان بشکێنێت.
فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرەین جەختی کردەوە کە "تەواوی چەک و یەکە سەربازییەکانمان لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان بۆ بەرگری کردن و پاراستنی شانشینی بەحرەین."
هاوکات داوا لە هاووڵاتییان و نیشتەجێبووان کراوە، وریابن و لە هەر تەنێکی نامۆ یان گوماناوی کە پاشماوەی هێرشەکان بێت دووربکەونەوە و دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەکنیکی و سەلامەت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و گیانی گشتی پارێزراو بێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، کە بە ئەنقەست بەکارهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی مەدەنی، پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکانە.