دژەتیرۆری کوردستان: لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە 10 درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێنراون
10 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی شاری هەولێر خرانە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، 02ـی ئەیلوولی 2026، 10 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی شاری هەولێر خراونەتە خوارەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، 10 درۆنەکە لە نێوان کاتژمێر 01:13 تا 03:31ـی بەرەبەیان، لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە خراونەتەوە خوارەوە.
لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانیشەوە، دژەتیرۆری کوردستان باسی لەوە کردووە، "خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو (سێشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2026)، ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند، هێرشە "گەورە و بەهێزەکان"ـیان وەک وەڵامێک بوون بۆ "هەوڵە شکستخواردووەکانی ئێران بۆ چاندنی مین لە گەرووی هورمز" و هەروەها هەڵدانی هەشت مووشەک بۆ سەر بنکە سەربازییەکەیان لە ئوردن، کە سەرجەمیان تێکشکێندراون.
سوپای پاسدارانی ئێرانیش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر وڵاتانی کوەیت، ئوردن، بەحرەین و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ بە هێرشکردنە سەر تاران و کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوو، دەستیان پێکرد، گەیشتووەتە ئاستێکی چەقبەستوو.
ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان هەردووڵات دوای هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز کۆتایی هات. ئێستا ئێران گەرووی هورمزی داخستووە و ئەمریکاش گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی تووندتر کردووە. ترەمپ جەختی کردووەتەوە، رێککەوتنی بەلاوە گرنگ نییە و هەر کاتێک پێویست بکات، بە توندی لە ئێران دەدەن.