لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا چوار فڕۆکەوانی سەربازی لە کرماشان کوژراون
چوار سەربازی فڕۆکەوانیی پارێزگای کرماشان لە هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا کوژراون.
ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا" بڵاویکردووەتەوە، لــــە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە باشووری ئێران، 20 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، قوربانییەکان بەسەر ئەم ناوچانەدا دابەش بوون:
- لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان 4 سەربازی فڕۆکەوانی کوژراون.
- لە پارێزگای خوزستان 8 کەس کوژراون و حەوتی دیکەش بریندار بوون.
- لە پارێزگای هورمزگان 4 کەس لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا کوژراون.
- لە دوورگەی لاوانیش 4 ئەندامی هێزەکانی بەسیج کوژراون.
ئەمە لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو (سێشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2026)، ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند، هێرشە "گەورە و بەهێزەکان"ـیان وەک وەڵامێک بوون بۆ "هەوڵە شکستخواردووەکانی ئێران بۆ چاندنی مین لە گەرووی هورمز" و هەروەها هەڵدانی هەشت مووشەک بۆ سەر بنکە سەربازییەکەیان لە ئوردن، کە سەرجەمیان تێکشکێندراون.
سوپای پاسدارانی ئێرانیش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر وڵاتانی کوەیت، ئوردن، بەحرەین و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ بە هێرشکردنە سەر تاران و کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوو، دەستیان پێکرد، گەیشتووەتە ئاستێکی چەقبەستوو.
ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان هەردووڵات دوای هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز کۆتایی هات. ئێستا ئێران گەرووی هورمزی داخستووە و ئەمریکاش گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی تووندتر کردووە. ترەمپ جەختی کردووەتەوە، رێککەوتنی بەلاوە گرنگ نییە و هەر کاتێک پێویست بکات، بە توندی لە ئێران دەدەن.