قالیباف: ئەمریکا ئیبلیسە و وەکو ئیبلیس مامەڵە دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکی تونددا لەبارەی کوژرانی منداڵان لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەو هێزەی منداڵان و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج "ئیبلیسە" و هەر وڵاتێکیش پشتیوانی لێ بکات، "ئیبلیس"ی گەورەیە.

رۆژی چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بە چەند رووداوێکی کۆمەڵکوژی لە ناوخۆی ئێران کرد و نووسیویەتی: "قوتابخانەی میناب: منداڵان کۆمەڵکوژ کران. هۆڵی وەرزشیی لامەرد: منداڵان سەربڕدران. ئاهەنگی هاوسەرگیریی کوهستاک: منداڵان لەگەڵ خێزانەکانیان کوژران."

قالیباف لە پەیامەکەیدا هێرشی توند دەکاتە سەر ئەو لایەنەی هێرشەکانی ئەنجامداوە و دەڵێت: "ئەگەر هێزێک وەک ئیبلیس رەفتار بکات، ئامانجەکانی وەک ئیبلیس هەڵبژێرێت و وەک ئیبلیسیش بکوژێت، ئەوا ئەو هێزە خودی ئیبلیس."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، کە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نووسیویەتی: "هەر هێزێک پارێزگاری لە ئیبلیسێکی بچووک بکات کە هەمان ئەو رەفتارانە ئەنجام بدات، ئەوا ئەو هێزە خۆی ئیبلیسی گەورەیە (THE Great Satan)."

ئەم پەیامەی قالیباف لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و هەردوولا یەکتر بە کردنە ئامانجی مەدەنییەکان و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە تۆمەتبار دەکەن.