دەربەندیخان.. بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەستگیر کرا
بە تۆمەتی تێوەگلان لە کەیسێکی گەورەی فێڵکردنی پارە، بەرێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە دەربەندیخان لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیر کرا، کەیسەکە پەیوەندی بە بردنی زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری هاووڵاتییانەوە هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، چەند رۆژێکە عەقید شەهاب ئەحمەد، بەرێوەبەری توندوتیژی دژی ئافرەتان لە دەربەندیخان، بە فەرمانی دادوەر لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە دەستگیر کراوە و ئێستا دەستبەسەرە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ئەفسەرە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو خزمی ئەو ئافرەتەیە کە ماوەیەک لەمەوبەر بە ناوی جیاجیاوە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری ئەمریکی خەڵکی دەربەندیخانی کۆکردبووەوە و فێڵی لێ کردبوون.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا چوار سکاڵای یاسایی لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەر عەقید شەهاب تۆمار کراوە، بەو گومانەی کە هاوکاری ئەو ئافرەتە بووبێت لە فریودانی خەڵک و بردنی پارەکانیان.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەم دۆسیەیەدا، تاوەکو ئێستا نزیکەی 15 کەس دەستگیر کراون. ئەو ئافرەتە و چەند ئەندامێکی خێزانەکەشی لە گرتووخانەی کانی گۆمەی سلێمانی دەستبەسەرن و هێشتا دۆسیەکە لە دادگا یەکلا نەکراوەتەوە.