پاکستان: گەشبینین بە گەڕانەوەی ئەمریکا و ئێران بۆ دانوستان
پاکستان سەرەڕای سەرهەڵدانەوەی ململانێی سەربازی لە نێوان ئێران و ئەمریکا، وەک نێوەندگیر جەختیکردەوە هێشتا گەشبینە بە گەڕانەوەی هەردوو لا بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
چوارشەممە، تاهیر حوسێن ئەندەرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران رایگەیاند: "ئێمە هێشتا نیگەرانین لەو گرژییە و ئەم دۆخە نەخوازراوە".
ئەندەرابی جەختیکردەوە ئیسلامئاباد بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکان و گەشبینیی خۆی نیشاندا بەوەی هەردوو لا دەگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان. ئەو روونیکردەوە، سەردانی مانگی رابردووی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ تاران، دۆخێکی نوێ و کاریگەری لەبارەی پرسی گەرووی هورمزەوە دروست کردووە.
ئەم هەڵوێستەی پاکستان لە کاتێکدایە ئەمریکا و ئێران گەڕاونەتەوە دۆخی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، دوێنێ سێشەممە چەند ئامانجێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان بۆردومان کردووە، کە پێکدێن لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، رادار، دامەزراوەکانی دەریایی، تواناکانی دانانی مین و بنکەکانی پەیوەندی.
لە بەرامبەردا سوپای پاسداران رایگەیاند، بنکەکانی ئەمریکایان لە بەحرێن، ئوردن، کوێت و عێراق کردووەتە ئامانج و ئاماژەی بە کوژرانی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لە ئوردن دا. بەرپرسانی ئەمریکی بە رۆیتەرزیان راگەیاند، هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان دەریدەخەن هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
سوپای پاسداران هەروەها ئاماژەی بە هێرشی مووشەکی و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوەیت داوە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی فەرماندەی ئەمریکی و دامەزراوەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووەتە ئامانج. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی کوەیتیش رایانگەیاند، بەرەبەیان ئاگرێکیان لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە پایتەخت کۆنترۆڵ کردووە کە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کراوەتە ئامانج و تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، کە پێشتر لە نێوەندگیری بۆ ئاگربەستی مانگی حوزەیران بەشدار بوو، رایگەیاند هێرشەکانی ئێران هەوڵەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان ئاڵۆزتر دەکات. قەتەر جەختیکردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیارێتی تەواوی یاسایی ئەم هێرشانە و لێکەوتەکانی لە ئەستۆ دەگرێت.
هەوڵەکانی قەتەر و پاکستان بۆ ناچارکردنی هەردوو لایەن بە راگرتنی شەڕ لە مانگی حوزەیران بە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی تێگەیشتنی سەرەتایی دەرەنجامی هەبوو، بەڵام ئەو یاداشتنامەیە بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانی سەر گەرووی هورمز تێکچوو. ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا سەرەتای مانگی تەممووز هێرشەکانی نوێ بکاتەوە، کە شەوی رابردووی سێشەممە بە فراوانی دەستی پێکردەوە.