کوەیت سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکات
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنییانەی ئێرانی کرد، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەیان کردە ئامانج.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئێران لە هێرشەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر وڵاتەکەیان شوێنی نیشتەجێبوونیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک پێشێلکارییەکی گەورەی سەروەریی خاکی وڵات و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی کوەیت هەژمار دەکرێن.
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت راشیگەیاند، بەردەوامیی ئەو هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیاری ژمارە 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایشە.
وەزارەتەکە جەختیکردەوە، ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە پەکدەخات.
لە کۆتایی راگەیندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی کوەیت دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی مافی خۆیەتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی بگرێتەبەر، لەگەڵ دڵنیابوون لە سەلامەتیی هاووڵاتییان و نیشتەجێبووانی سەر خاکەکەی.
ئەمڕۆ سوپای پاسداران ئاماژەی بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوەیت داوە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی فەرماندەی ئەمریکی و دامەزراوەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووەتە ئامانج. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی کوەیتیش رایانگەیاند، بەرەبەیان ئاگرێکیان لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە پایتەخت کۆنترۆڵ کردووە کە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کراوەتە ئامانج و تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.