کاتز: پێشبینی دەکەین ئێران هێرشمان بکاتە سەر
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توند دەداتە ئێران لە ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی لە کاتی جەژنەکاندا، هاوکات باس لە لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 02ـی ئەیلوولی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و فەرماندەکانی سوپا بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەن، بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی ئێران لە رۆژانی جەژنی جووەکاندا.
کاتز ئەوەی خستەروو، ئەگەر ئێران هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت، وەڵامی سەربازیی ئیسرائیل زۆر توند دەبێت و لە مێژوودا وێنەی نابێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل روونیکردەوە، سەرجەم زانیارییە هەواڵگرییەکان بە وردی هەڵدەسەنگێنن بۆ رێگریکردن لە هەر کێشەیەکی کتوپڕ، چونکە پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئێران پەلامارەکانی دەستپێبکات.
دەربارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کاتز باسی لەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەو لێدانانە سەقامگیرکردنی بازاڕی وزە بووە. هاوکات بەدووری نەزانی ئیسرائیل راستەوخۆ بەشداری لە پرۆسەی سەربازیی دژی تاران بکات.
سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، لە رێگەی ئۆپراسیۆنی "شێری رابوو" توانراوە بەشێکی زۆری دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران لەناوببرێن. ئێستاش بە وردی چاودێریی جووڵەکانی ئێران دەکەن بۆ زانینی هەر هەوڵێک بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانە.
ئەمە لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو (سێشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2026)، ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند، هێرشە "گەورە و بەهێزەکان"ـیان وەک وەڵامێک بوون بۆ "هەوڵە شکستخواردووەکانی ئێران بۆ چاندنی مین لە گەرووی هورمز" و هەروەها هەڵدانی هەشت مووشەک بۆ سەر بنکە سەربازییەکەیان لە ئوردن، کە سەرجەمیان تێکشکێندراون.
سوپای پاسدارانی ئێرانیش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر وڵاتانی کوەیت، ئوردن، بەحرەین و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ بە هێرشکردنە سەر تاران و کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوو، دەستیان پێکرد، گەیشتووەتە ئاستێکی چەقبەستوو.
ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان هەردووڵات دوای هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز کۆتایی هات. ئێستا ئێران گەرووی هورمزی داخستووە و ئەمریکاش گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی تووندتر کردووە. ترەمپ جەختی کردووەتەوە، رێککەوتنی بەلاوە گرنگ نییە و هەر کاتێک پێویست بکات، بە توندی لە ئێران دەدەن.