سێ بەشی نوێ لە زانکۆی ئاکرێ دەکرێتەوە

کۆلێژێک و سێ بەشی نوێ لە زانکۆی ئاکرێ دەکرێنەوە و بۆ ساڵی نوێی خوێندن سەدان قوتابی لەو کۆلێژ و بەشانە وەردەگیرێت.

بە مەبەستی پێشخستنی زیاتری ئاستی خوێندن و دابین کردنی پێداویستی بازاڕی کار، زانکۆی ئاکرێ بڕیاری دا کۆلێژ و بەشی نوێ بکاتەوە و سەدان قوتابی وەربگرێت.

عەبدوڵڵا بەیتاش، گوتەبێژی زانکۆی ئاکرێ بە کوردستان24 ـی راگەیاند؛ بە ئامانجی ئامادەکردنی دەرچووانی زانکۆ بۆ بازاڕی کار، بڕیاری کردنەوەی کۆلێژێک و سێ بەشی نوێ بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەکرێنەوە و دەرچووانی پۆلی 12 ـی ئامادەیی دەتوانن داواکاری بۆ ئەو کۆلێژ و بەشانە پێشکەش بکەن. سەبارەت بە کۆلێژ و بەشەکان ئاشکرای کرد، کۆلێژی یاسا دەکرێتەوە و بۆ ئەمساڵ 25 قوتابی وەردەگرێت، هەروەها و بەشی کیمیا 25 قوتابی، بەشی بیناسازی لە بەردەڕەش 40 قوتابی و بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازییە، بەڵام بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی بەهۆی نەبوونی شوێن بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن 2026 - 2027 هیچ قوتابییەک وەرناگیرێت.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا زانکۆی ئاکرێ هیچ گەڕێکی دەرچوونی نەبووە، بەڵام زانکۆکە پلانی هەیە ئەمساڵ رێوڕەسمی دەرچوون بۆ دەرچووانی ساڵانی 2024 - 2025 و 2026 - 2027 رێکبخات.

بە گوێرەی ئامارەکان زانکۆی ئاکرێ لە هەشت کۆلێژ و پەیمانگە و نزیکەی 30 ـی بەشی جیاواز پێکهاتووە و نزیکەی 5000 قوتابی لەو کۆلێژ و بەشانە وانە دەخوێنن.