10 ئافرەت لە راپەڕین دەستگیرکران؛ دووانیان بەرپرسن

هێزەکانی ئاسایش لە سنووری ئیدارەی راپەڕین 10 ئافرەتیان دەستگیرکردووە و لە نێویاندا دوو بەڕێوەبەری حکوومی هەن. تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئاشکرا نەکراوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

شەوی رابردوو (سێشەممە، 02ـی ئەیلوولی 2026)، هێزەکانی ئاسایشی راپەڕین ژمارەیەک ئافرەتی سنوورەکەیان دەستگیرکردووە، بەشێکیان بەڕێوەبەری فەرمانگەی حکوومین و بەرپرسیارێتییان هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ژمارەی دەستگیرکراوەکان 10 کەس دەبن و هەموویان ئافرەتن. لە نێو دەستگیرکراوەکاندا بەڕێوەبەری رۆشنبیری و لاوانی رانیە و بەڕێوەبەری شەڵتەری داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراوی رانیە هەن.

هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین لەسەر رووداوەکە بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی رایگەیاند، هیچ ئاگادارییەکیان لەسەر دەستگیرکردنی ئەو ژمارە ئافرەتە نییە. ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی ئەو زانیارییانەی هەیانە هۆکاری دەستگیرکردنیان پەیوەندیی بە بەرپرسیارێتی و کاری فەرمانگەکانیانەوە نییە، هاوکات دەستگیرکردنیان بەپێی بڕیاری دادوەری ئاسایش بووە.

لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ئافرەتانە لە ئیدارەی راپەڕین، کوردستان24 بەدواداچوونی زیاتری کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە بە چ هۆکارێک دەستگیرکراون. 

لە ئێستادا سەرجەم ئەو ئافرەتە دەستگیرکراوانە راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.