ئێران: ململانێمان لەگەڵ واشنتن تا کۆتایی سەردەمی ترەمپ بەردەوام دەبێت
ئێران پێشبینی دەکات بەهۆی ئاڵۆزییە ناوچەییەکانەوە، ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ چەندین ساڵی دیکە بەردەوام بێت، و جەخت دەکاتەوە، ئەم دۆخە تا کاتی جێهێشتنی کۆشکی سپی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و هاتنی سەرۆکێکی نوێ درێژە دەکێشێت.
راپۆرتەکان ئاماژە بە کوژران و برینداربوونی چەندین هاووڵاتی دەکەن لە ئەنجامی بۆردومانێکی فڕۆکە ئەمریکییەکان بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە دوورگەی سیریک لە باشووری ئێران. لە بەرامبەردا، تاران رایگەیاند؛ لە وەڵامێکی بەرفراواندا، شەوی رابردوو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی بەحرەین، ئوردن، کوەیت، عێراق و ئیمارات کردووەتە ئامانج.
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەمبیای ئێرانی، لە رێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئیتر ئارەزووی بەردەوامبوون لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران نەماوە. زولفەقاری ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ ئێستا ستراتیژییەکەی گۆڕیوە بۆ هاندانی گەلی ئێران تاوەکو دژی حکومەتەکەیان ڕاپەڕن.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، باس لە هەوڵەکانی دەکەن بۆ ناچارکردنی ئێران بۆ دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان. ترەمپ نووسیویەتی: "من بە هیچ شێوەیەک گرنگی بەوە نادەم کە ئایا تاران رێککەوتنێک واژۆ دەکات یان نا، چونکە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئەوان بێبایەخە."
ترەمپ جەختی کردەوە، ئەو دۆخی ئێستای پێ باشترە، بەو پێیەی وڵاتەکەی کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە و ئابووریی ئێرانیش بە تەواوی داڕماوە. ئەو گوتیشی: "ئەوان ئێستا لە قۆناخی کۆتایی مێژوویی خۆیاندان؛ کەی گەلی ئێران هەڵدەستن و دەست بە شەڕ و ڕاپەڕین دەکەن؟"
لێدوانەکانی گوتەبێژی سەربازی ئێران نیشانەی ئەوەن کە تاران خۆی بۆ ململانێیەکی درێژخایەن ئامادە کردووە. ئەمە دەریدەخات کە بەرپرسانی ئێران پێیان وایە هیچ چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە ئاسۆدا نییە و واشنتن و تاران تا رۆیشتنی ترەمپ لە دەسەڵات، لەناو بازنەی ئاڵۆزییەکاندا دەمێننەوە.