پڕۆژەی رووناکی: بەهۆی کێشەی تەکنیکی پچڕانی کاتی لە چەند ناوچەیەک درووست بووە
تیمی پڕۆژەی "رووناکی" رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی، کارەبای چەند ناوچەیەک بە شێوەیەکی کاتی پچڕاوە و کار بۆ چارەسەرکرنی دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 02ـی ئەیلوولی 2026، تیمی پڕۆژەی "رووناکی" رایگەیاند، دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە وێستگەی کەورگۆسک هۆکار بووە بۆ پچڕانی کارەبا بە شێوەیەکی کاتی لە چەند ناوچەیەک.
تیمەکە ئاماژەی بەوە دا، کارمەندەکانیان بەردەوام سەرقاڵی کارکردنن بۆ چاککردنەوەی وێستگەکە و گەڕاندنەوەی کارەبا بۆ ئەو ناوچانەی بێ کارەبا ماونەتەوە.
هاوکات باسی لەوە کردووە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کێشەکە بە تەواوی چارەسەر دەکرێت و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
پڕۆژەی رووناکی یەکێکە لە بەرنامە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان و نەهێشتنی مۆلیدەی تایبەت لە گەڕەکەکاندا. ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2024ـەوە لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و ئامانج لێی ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ناحیەی کەورگۆسک سەر بە قەزای خەباتە لە پارێزگای هەولێر، وێستگەکانی کارەبا لەم ناوچەیەدا رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێدانی کارەبا بۆ بەشێکی زۆری ناوچەکە و دەوروبەری.
پێشتریش چەندین جار بەهۆی گرفتی تەکنیکی کێشە لە وێستگەکانی کارەبادا دروست بووە و بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا، بەڵام لایەنە پەیوەندارەکان بە خێرایی کێشەکانیان چارەسەر کردووە.