ئەڵمانیا، رووسیا بە هێرشکردنە سەر لایپزیک تۆماتبار دەکات
حکوومەتی ئەڵمانیا، رووسیا تۆمەتبار دەکات بەو هێرشەی مانگی رابردوو لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتەکەی.
یۆهن ڤادیفۆل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆنسووڵخانەی رووسیا لە شاری بۆن دادەخەن، ئاشکراشیکرد، ئەڵمانیا گرێبەستی بەکرێگرتنی "ماڵی رووسی" کە ناوەندێکی کولتوورییە لە پایتەخت هەڵدەوەشێنێتەوە، رێوشوێنەکانی هاتنەژوورەوە بۆ هاووڵاتییانی رووسیا تووندتر دەکات و پێشنیازی ئەوە دەکات ژمارەیەکی زیاتر لە رووسەکان بخرێنە لیستی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەڵێنیدا گوشارەکان لەسەر کەشتییە سێبەرەکانی رووسیا زیاتر بکات، واتە ئەوکەشتییە کۆنانەی خاوەندارێتییان ناڕوونە و رووسیا بۆ تێپەڕاندنی سزاکانی رۆژئاوا بەکاریان دەهێنێت.
نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، دوای هەڵسەنگاندنی تەکنەلۆژیای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و زانیارییە هەواڵگرییەکانی دیکە، حکوومەت گەیشتە ئەو ئەنجامەی رووسیا بەرپرسیارە لەو هێرشەی 4ـی ئاب لە لایپزیگ روویدا.
نانسی فیزەر گوتیشی "رووداوەکەی لایپزیگ بە رووداوێکی ئاسایی سەیر ناکەین، بەڵکو پێشبینی دەکەین ئەڵمانیا رووبەڕووی هێرشی زیاتری رووسیا ببێتەوە".
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا پشتیوانیی تەواوی بۆ ئەڵمانیا دەردەبڕێت، مارک رووتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆش بەڵێنیدا هاوپەیمانییەکە یەکگرتوو لەگەڵ بەرلین دەمێنێتەوە و جەختیکردەوە، ناتۆ بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی توانای بەرگری و دڵنیاییدان بە هەموو هاوپەیمانان دژی هەر هەڕەشەیەک.
لە بەرامبەردا، سێرگی نیتشایێف، باڵیۆزی رووسیا لە ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەو رێوشوێنانەی بەرلین دژی رووسیا راگەیاندوون لێکەوتەیان دەبێت، نیتشایێف لە کەناڵی تێلێگرامی باڵیۆزخانەکە رایگەیاند، تۆمەتبارکردنی مۆسکۆ بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بە بێ بنەما، گاڵتەجاڕانە و دژ بە لۆژیک وەسف کرد و گوتی، سزاکان هەڵکشانێکی بێوێنەن لە پەیوەندییەکانی رووسیا و ئەڵمانیا.
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا سزاکانی ئەڵمانیای بە هەڵەیەکی نوێ ناوبرد، پووتین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی تاس بڵاویکردەوە، باسی لەوەکرد "پێموایە ئەوە هەڵەیەکی نوێ و هەڵەیەکی گەورەیە، لە روانگەی منەوە، بە ئاشکرا دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەڵمانیایە".
ئەڵمانیا کە ئەندامی ناتۆیە و پشتیوانی ئۆکرانیا دەکات لە جەنگی دژی رووسیا، ماوەیەکی زۆرە مۆسکۆ تۆمەتبار دەکات بە چەندین هێرشی جۆراوجۆر، لەوانە سیخوڕی و تۆمەتانێک کە رووسیا رەتیان دەکاتەوە.