33 گەنج دوای هەشت مانگ زیندانیکردن دەگەڕێندرێنەوە

بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی 33 کۆچبەری نایاسایی لە وڵاتی لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی هەشت مانگ لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا مابوونەوە و رووبەڕووی رەوشێکی سەخت ببوونەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 02ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، پاش گەیشتنی زانیاری لەسەر بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێک هاووڵاتی لە وڵاتی لیبیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد بەپەلە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنیان.

وەزارەتەکە روونیکردەوە، لە ئێستادا تەواوی مامەڵەکانی پەیوەست بەو 33 هاووڵاتییە کۆتایی هاتووە و لە هەفتەی داهاتوودا دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دا و جەختی لەسەر خۆپاراستنی گەنجان و خێزانەکانیان کردەوە لە گرتنەبەری رێگەی کۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا. ئاماژەی بەوە دا، ئەم جۆرە کۆچە تەنیا مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ناکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی سەرپێچیکردنی یاساکانی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی بەدوادا دێت.

هەروەها باسی لەوە کرد، ئەو گەنجانە رووبەڕووی رەوشێکی سەخت بوونەتەوە و بەشێکیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە زیندانەکاندا ماونەتەوە و بەردەوام لە ژێر مەترسیی مەرگدا بوون.

لە کۆتاییدا وەزارەتی ناوخۆ ئەوەی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 302 کۆچبەری نایاسایی لە رەوشی جیاوازدا رزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ ناوخۆی هەرێم.

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا رێگەی قاچاخ و کۆچی نایاسایی دەگرنەبەر. یەکێک لەو رێگە مەترسیدارانە، چوونە بۆ وڵاتی لیبیا و پاشان پەڕینەوەیە بە نێو دەریای ناوەڕاستدا بەرەو ئیتاڵیا. زۆرجار کۆچبەران لەلایەن قاچاخچییەکانەوە فێڵیان لێ دەکرێت یان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی لیبیاوە دەستگیر دەکرێن و لە زیندانەکاندا رووبەڕووی خراپترین مامەڵە دەبنەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ بێسەروشوێن دەبن.

لە چەند ساڵی رابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، چەندین هەڵمەتی بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرە گیراوەکان لە وڵاتانی وەک بێلاڕووس، تورکیا، یۆنان و لیبیا ئەنجام داوە. ئامانج لەم هەنگاوانەی حکوومەت پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و نەهێشتنی دیاردەی قاچاخچێتییە بە مرۆڤەوە لە ناوچەکەدا.