میدیای ئیمارات: هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ئیماراتە لە ناوچەکەدا

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی ئیمارات لە شاری ئەبوزەبی، گرنگییەکی زۆری پێدرا و بووە مانشێتی سەرەکیی ژمارەی ئەمڕۆی گەورەترین و دیارترین رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە.

رۆژی سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ شاری ئەبوزەبی، لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات و شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆک و حاکمی دوبەی کۆبووەوە. 

سەردانەکە و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە میدیاکانی ئیماراتدا هەبوو. ئەمڕۆ چوارشەممە، 02ـی ئەیلوولی 2026، سەرجەم رۆژنامە فەرمی و بەناوبانگەکانی ئەو وڵاتە لە نێویاندا (ئەلئیتیحاد، ئەلبەیان، الخلیج، ئەلوەتەن و زە ناشیۆناڵی ئینگلیزی) لاپەڕەی یەکەم و مانشێتی سەرەکییان تەرخان کرد بۆ رووماڵکردنی دیدارەکە.

 

ناوەڕۆکی رووماڵی رۆژنامەکان:

رۆژنامەکانی ئیمارات لەسەر یەک پرس کۆک بوون و لە مانشێتەکانیاندا جەختیان لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا باسکراون، لەوانە:

پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری: زۆربەی رۆژنامەکان (وەک الاتحاد و الخليج) لە مانشێتی سەرەکیدا نووسیویانە: "سەرۆکی دەوڵەت و مەسرور بارزانی: چەسپاندنی هۆکارەکانی ئاسایش، سەقامگیری و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

پەرەپێدانی پەیوەندییەکان: رۆژنامەی (البيان و الوطن) تیشکیان خستووەتە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان ئیمارات و عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بە ئامانجی پێشخستنی هاوکارییەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو گەل بکات.

ئابووری و ئاوەدانی: لە بەشێکی دیکەی راپۆرتی رۆژنامەکاندا باس لەوە کراوە کە هەردوولا هیوایان خواستووە ئەم جۆرە دیدارانە ببنە هۆی بەدیهێنانی ئاواتی گەلان بۆ گەشەپێدان و بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر.

رۆژنامەی زە ناشیۆناڵ (The National): وەک رۆژنامەیەکی پێشەنگی ئینگلیزی زمان، بە وێنەیەکی گەورەی هەرسێ سەرکردە لە لاپەڕەی یەکەمدا نووسیویەتی "سەرکردەکان پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەکەن"، و ئاماژەی بە بەشداریکردنی بەرپرسانی دیکەی ئیماراتی لەوانە شێخ حەمدان بن زاید لە دیدارەکەدا کردووە.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) لە ساڵانی رابردوودا گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بەردەوام سەرکردەکانی هەردوولا جەخت لە فراوانکردنی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاندانی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی دەکەنەوە بۆ کارکردن لە پڕۆژەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و ژێرخانی هەرێمی کوردستان. 

سەردانە یەک لەدوای یەکەکانی مەسرور بارزانی بۆ ئەو وڵاتە و پێشوازییە گەرمەکانی سەرکردایەتیی ئیمارات، ئاماژەن بۆ رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو لە ناوچەکەدا.