وەزیری گەنجینەی ئەمریكا بۆ وڵاتان: لە ئێران دووربكەونەوە
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری دەداتە وڵاتان و داوایان لێدەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دووربکەونەوە، چونکە ئابووریی ئەو وڵاتە رووبەڕووی قەیرانێکی قوڵ بووەتەوە و بەرپرسانی تاران خۆیان دانیان بەو دۆخە نەخوازراوەدا ناوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی خولی دارایی کۆمەڵەی (G20) لە شاری ئەشڤیل لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور گوتی "ئێمە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا گفتوگۆ دەکەین کە پشتیوانی ئێران دەکەن"، ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی سزاکانی واشنتنەوە، بەهای تومەن بە تەواوەتی دابەزیوە و رێژەی هەڵاوسانیش لە ئێران 100%ـی تێپەڕاندووە، بە جۆرێک حکوومەتی ئێران لە دابینکردنی مووچەی سەربازەکانیشی پەکیکەوتووە.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختیکردەوە، "سزای بێ وێنەمان بەسەر ئێراندا سەپاندووە و ئەو سزایانە، ئابوورییەکەیان دادەتەپێنێت".
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، سزا نوێیەکان کەرتی فڕۆکەوانی، کەرتی دەریاوانی و سەرجەم سامانە دیجیتاڵییەکانی ئێران دەگرێتەوە.
لەبارەی جموجۆڵە بازرگانییەکانی تاران، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا روونیکردەوە "زیاتر لە 17 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە".
دووپاتیشیکردەوە، ئەمریکا کار بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و جیهان دەکات و هەر لایەنێک مامەڵە لەگەڵ تاران بکات، دەبێتە ئامانجی سزاکانی واشنتن.