وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دوای سووتانی محاویلەی سەرەکی وێستگەی کەورگۆسک و دروستبوونی پچڕان لە تۆڕی گشتی، تیمەکانی چاکسازی توانییان دۆخی کارەبا ئاسایی بکەنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوێنێ شەو بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لەناو وێستگەی کەورگۆسک لە سنووری پارێزگای هەولێر، محاویلەی سەرەکی وێستگەکە سوتا، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی هێڵی کارەبای نێوان هەولێر و دهۆک و لەکارکەوتنی چەند یەکەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تیمەکانی چاکسازیی وێستگەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم، دەستبەجێ دەستیان بە کارەکانیان کردووە و توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا بارودۆخەکە ئاسایی بکەنەوە و کارەبا بۆ تۆڕی گشتی بگەڕێننەوە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمە تەکنیکییەکان کار بۆ چاککردنەوەی محاویلە سوتاوەکە دەکەن، تا ئەو کاتەشی کارەکانی چاککردنەوە کۆتایی دێت، فیدەرەکانی سەر ئەو محاویلەیە خراونەتە سەر محاویلەیەکی دیکە، بۆ ئەوەی هیچ گرفتێک لە پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان دروست نەبێت.