موحسین رەزایی: ستراتیژی نوێی ئێران بنکە و بناخەی ئەمریکا تێکدەشکێنێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، 02 ئەیلوولی، 2026، موحسین رەزایی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران لە پلاتفۆڕمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم کردەوانە رێگری لە رزگاربوونی ئێوە لەو دۆخە ئاڵۆزە ناکات کە بۆ خۆتان دروستتان کردووە.
رەزایی ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامەکانی ستراتیژی نوێی ئێران دەردەکەون، کە بەپێی گوتەی ئەو، لە سێ بواری سەرەکیی "مەیدانی جەنگ"، "دیپلۆماسی" و "ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان"دا پەیڕەو دەکرێت و لایەنی بەرامبەر تێکدەشکێنێت.
ئەم قسانەی موحسین رەزایی لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سێنتکۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا شەوی رابردوو زنجیرەیەک پێگەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لەوانە پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستەمەکانی رادار، کەلوپەل و دامەزراوە دەریایییەکان، ناوەندەکانی پەیوەندی و ئەو کەرەستە و توانایانەی بۆ چاندنی مین بەکاردەهێنران.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم بۆردوومانانە وەک وەڵامێک بووە بۆ هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و هەڕەشەکردن لە سەربازانی ئەمریکی.
سێنتکۆم لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئەرکدان و لەوپەڕی وریایی، توانای کوشندەیی و ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێکردنی بەردەوامی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکاوە فەرمانی پێبکرێت.