ستیڤن فەیگن وەک هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەستبەکاربوو

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، گەڕانەوەی ستیڤن فەیگنی وەک هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راگەیاند، کە ناوبراو پێشتر کونسوڵی گشتی ئەمریکا بووە لە هەولێر.

رۆژی چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا بەخێرهاتنەوەی ستیڤن فەیگنی بۆ عێراق کرد و رایگەیاند، ناوبراو وەک هەڵسوڕێنەری نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستبەکار دەبێتەوە.

ستیڤن فەیگن خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە ناوچەکەدا، پێشتر وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە یەمەن کاری کردووە. هەروەها لە رابردوودا چەندین پۆستی دیپلۆماسی لە عێراق هەبووە، لەوانە کاربەڕێکەر و جێگری سەرۆکی نێردەی ئەمریکا لە بەغدا، و کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەولێر.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەزموونە فراوانەکەی فەیگن دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا و هەنگاونان بەرەو داهاتوویەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی ئەمریکا و عێراق بپارێزێت.

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕایگەیاندووە، باڵیۆز ستیڤن فەیگن پێشتر لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020 وەک کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر خزمەتی کردووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان گێڕاوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ئەزموونەی پێشووی دەبێتە پاڵپشتییەکی باش بۆ ئەو تا بتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەرەوپێش ببات.

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا پیرۆزبایی لە باڵیۆز فەیگن کردووە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە نوێیە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ڕۆڵ و سەرکردایەتیی ناوبراون لە پێناو بەردەوامیدان بە بەهێزکردنی هاوبەشییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق.