بەرەی گەل لەبارەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
بەرەی گەل لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژە بە کەیسی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی دەکەن و رایدەگەیەنێت، ئەم کەیسە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ سەربەخۆیی دادگاکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، بەرەی گەل راگەیەندراوێکی ئاراستەی رای گشتیی کوردستان و عێراق کرد، تێیدا هاتووە "دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر رووداوەکانی 23ی ئاب و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی، بڕیارە سبەی پێنجشەممە، ۳3ـی ئەیلوول، لە بەرامبەر دادگا ئامادە بكرێن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە چەندین جار دواخستنی دانیشتنەکانی دادگا نیشانەی ئەوەیە لایەنی سکاڵاکار هیچ بەڵگەیەکی دیار و روونی نییە بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، و رایانگیاندووە کە تۆمەتەکان "بێ بنەمان".
بەرەی گەل جەختیشی کردووەتەوە، ئەم کەیسە سەنگ و تاقیکردنەوەیەکە بۆ سەربەخۆیی دادگا و دادوەرەکان، تاوەکو دەربکەوێت ئایا دادگاکان گوێڕایەڵی ئاراستەکردنی حزبین یان سەربەخۆن و پابەندی قانون و سەرچاوەکانی دادوەرین.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، بەرەی گەل هیوای خواستووە دادوەران لەم دۆسیەیەدا رێز لە هەیبەت و شکۆی دادگاکان و سەروەریی یاسا بگرن، و رێگە نەدەن زیاتر متمانەی هاووڵاتییان بە دادگا و سیستەمی دادوەری پێشێل بکرێت.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.