دوای 286 رۆژ مانەوە لە دەریا؛ کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن گەیشتە تایلەند
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "ئەبراهام لینکۆڵن" دوای 286 رۆژ لە دەریانوانیی بەردەوام و بەبێ وەرگرتنی پشوو، لە بەندەرێکی وڵاتی تایلەند لەنگەری گرت، ئەمەش دوای ئەوەی دۆخی ژیانی سەربازانی سەر کەشتییەکە لە ماوەی رابردوودا مشتومڕی سیاسیی فراوانی لە ناوخۆی ئەمریکادا دروست کردبوو.
ئەم کەشتییە زەبەلاحەی بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات لە بەندەری "لایم چابانگ" لە نزیک هاوینەهەواری پاتایا لە باشووری بانکۆک لەنگەری بەستووە تاوەکو نزیکەی پێنج هەزار ئەندامی دەستەکەی پشوویەکی پێنج رۆژە وەربگرن. دەسەڵاتدارانی تایلەند 600 کارمەندی ئەمنییان بۆ پێشوازی لە تیمی کەشتییەکە ئامادە کردووە و پێشبینی دەکرێت خەرجیی سەربازان نزیکەی 2.6 ملیۆن یۆرۆ داهات بۆ کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە دابین بکات، هاوکات چەندین مەرج بۆ دەستەی کەشتییەکە دانراوە وەک قەدەخەکردنی بەکارهێنانی حەشیش، قەدەخەی یارییە ئاوییەکان و رێگریکردن لە چوونە ناو هەندێک لە شەقامە تایبەتەکان.
کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن لە تشرینی دووەمی 2025 لە کالیفۆرنیاوە بەرەو دەریای باشووری چین بەڕێکەوت، بەڵام پێش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە شەش مانگی رابردوودا، رێڕەوەکەی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕدرا.
لە ماوەی ئەم ئەرکە درێژخایەنەدا، راپۆرتەکان ئاماژەیان بە کەمیی خۆراک، کێشەی ئاوەڕۆ و تێکچوونی باری دەروونیی سەربازان کرد، بە جۆرێک ماڵپەڕی "نەیڤی تایمز" هەوڵی خۆکوشتنی لانیکەم دوو سەربازی لە رێگەی خۆهەڵدانە ناو دەریاوە ئاشکرا کردبوو، ئەمەش وایکرد کۆنگرێسمانەکانی دیموکرات داوای لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی سەربازان بکەن.
سەرەڕای ئەم نیگەرانییانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مەترسییەکانی پەیوەست بە درێژبوونەوەی ئەرکەکەی بە کەم زانی، هاوکات هۆنگ کاو، سەرپەرشتیاری وەزارەتی هێزی دەریاییی ئەمریکا بوونی ژمارەیەک حاڵەتی کێشەی دەروونیی پشتڕاستکردەوە بەبێ ئەوەی هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان هەبووبێت.
بڕیارە کەشتییەکە تا رۆژی یەکشەممە لە تایلەند بمێنێتەوە، لە کاتێکدا لە چوارچێوەی گۆڕانکاری لە پێگەی هێزەکانی ئەمریکادا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتن" لە چوارچێوەی بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە.