ئێران: بۆردومانکردنی ئاهەنگی هاوسەرگیری لە سیریک تاوانی جەنگە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە توندی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی سەرکۆنە دەکات و رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە خۆیان، وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و بنکەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.

چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای کرد بۆ سەر خاکەکەی و رایگەیاند: هێزەکانی ئەمریکا ناوچە سڤیلنشینەکان و هێڵەکانی گەیاندنیان لە چەندین ناوچە کردووەتە ئامانج. 

وەزارەتەکە دەڵێت: هێرشەکانی ئەمریکا پارێزگاکانی خووزستان، سیستان و بەلووچستان، هورمزگان و کرمانیان گرتووەتەوە.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، بۆردومانکردنی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە شارۆچکەی سیریک، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 70 هاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی، "تاوانێکی جەنگیی دڕندەیە".

وەزارەتی دەرەوە، جەختی لەوە کردەوە کە تاران لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە خۆی، ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکای کردووەتە ئامانج کە سەرچاوەی هێرشەکان بوون بۆ سەر خاکی ئێران.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد کە رێگە نەدەن خاکەکەیان لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئێران بەکاربهێندرێت، هاوکات بێدەنگیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی واشنتن وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێناسە کرد.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە ، 1ـی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی  ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانیان بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەوروبەری گەرووی هورمز و کەناراوەکانی باشووری ئەو وڵاتە دەستپێکرد و دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شار و دوورگە کەناراوییەکانی ئێران لەسەر کەنداو و دەریای عومان بیستران.

لە بەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێران، هەر زوو لە رێگەی هەڵدانی مووشەک و درۆنەوە، وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردە ئامانج.