رۆیتەرز: یاریدەدەرانی ترەمپ هەوڵی هێورکردنەوەی جەنگی ئێران دەدەن تا دوای هەڵبژاردنەکان
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرای کرد, بەشێک لە یاریدەدەرە باڵاکانی دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدەن تا دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا، رێگری لە فراوانبوونی جەنگ لەگەڵ ئێران بکەن، ئەمەش لە پێناو کەمکردنەوەی زیانە سیاسییەکانی پارتی کۆماری لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا.
چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیاریی چوار سەرچاوەی ئاگادار بە رۆیتەرز کە سێیان بەرپرسی کۆشکی سپین، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا لە دوای دەنگدانی 3ی تشرینی دووەم تاوتوێی پەرەپێدانی کردەوە سەربازییەکان دەکەن، بەڵام گەڕانەوە بۆ جەنگی سەرتاسەری بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نییە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئێستا ئیدارەی واشنتن سەرنجی لەسەر توندکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر تاران چڕ کردووەتەوە تا لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا سازشی لێ وەربگرێت، بەرپرسێکی کۆشکی سپیش رایگەیاندووە، بەردەوامن لە گوشارەکانیان، بەڵام هەڵبژاردنی تشرینی دووەم لە پێشینەی سەرەکیی کارەکانیانە.
باسی لەوەش کردووە، هێشتنەوەی جەنگ لە ژێر کۆنترۆڵدا یارمەتیدەر دەبێت تا هەواڵی پێکدادانەکان نەبنە باسی سەرەکیی میدیاکان، لە کاتێکدا کۆمارییەکان لە هەوڵی پاراستنی زۆرینەی لەرزۆکی خۆیاندان لە ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران. بەپێی راپرسییەکی هاوبەشی رۆیتەرز-ئیپسۆس لە کۆتایی مانگی ئابدا، تەنیا 31%ـی ئەمریکییەکان پاڵپشتی لە جەنگی ئێران دەکەن لە بەرامبەر 63% کە دژن، هاوکات دەنگدەران نیگەرانیی زۆریان لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەربڕیوە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن پەیڕەوکردنی ستراتیژی خۆڕاگری بەهۆی ئاڵوگۆڕی گورزە سەربازییەکانی ئەم دواییەوە رۆژ بە رۆژ سەختتر دەبێت.
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، هەڵبژاردن کار لە ستراتیژیەتی بەرامبەر ئێران ناکات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" هەڕەشەی وەڵامدانەوەی زۆر سەختتری کردووە، بەڵام کۆشکی سپی بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە دەستەوەستان بووە. بەپێی گوتەی بەرپرسانی کۆشکی سپی، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دیارترین ئەو یاریدەدەرانەی ترەمپن کە پاڵپشتی لە هێشتنەوەی دۆخەکە بە شێوەیەکی تاڕادەیەک هێمن دەکەن تا کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.