هیندستان و رووسیا تاوتوێی کڕینی سیستەمی ئێس-500 و فڕۆکەی جەنگیی سوخۆی-57 دەکەن
هیندستان و رووسیا قۆناخێکی نوێی هاوکارییە سەربازییەکانیان دەستپێکردووە و گفتوگۆ لەبارەی کڕینی پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی مۆسکۆ لە جۆری "ئێس-500" و فڕۆکەی جەنگیی نەوەی پێنجەمی "سوخۆی-57" دەکەن، هاوکات لەگەڵ بەرفراوانکردنی پەیوەندییە پیشەسازی و لۆجستییە هاوبەشەکانی نێوانیان.
چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا"، ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی نێوان نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەراوێزی لوتکەی شانگهای باس کراوە. هیندستان کە پێشتر بە گرێبەستێکی 5.43 ملیار دۆلاری لە ساڵی 2018 چوار کەتیبەی سیستەمی ئێس-400ی وەرگرتووە و لە سنوورەکانی جێگیری کردوون، ئێستا چاوی لە سیستەمی ئێس-500ـە وەک چینێکی بەرگریی بەرزتر؛ چونکە ئەم سیستەمە نوێیە توانای تێکشکاندنی مووشەکە کیشوەربڕەکان، مووشەکی هایپەرسۆنیک و تەنانەت مانگە دەستکردەکانی لە خولگەی نزیکی زەویدا هەیە، لە کاتێکدا ئێس-400 تەنیا تایبەت دەمێنێتەوە بە بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە، درۆن و مووشەکی کرووز.
بەپێی ناوەندی لێکۆڵینەوەی "ئیندیا فاوەندەیشن"، ئەگەری هەیە رێککەوتنی ئێس-500 لە رێگەی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیییەکانی هیندستان ئەنجام بدرێت. هاوکات دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەی جەنگیی سوخۆی-57 بەشێکی دیکەیە لە گفتوگۆکانی نێوان مۆسکۆ و نیودەلهی و وەک یەکێک لە باشترین فڕۆکەکانی جیهان ناوزەندی کرد.
بەرپرسانی رووسیا پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە مۆڵەتی دروستکردنی فڕۆکەکە لەناوخۆی هیندستان بدرێت و چەکی هیندی لەسەر جێگیر بکرێت، هاوشێوەی ئەو هەماهەنگییەی پێشتر لە پڕۆژەی مووشەکی "براهمۆس"دا ئەنجامدراوە.
پەرۆشیی هیندستان بۆ دەستکەوتنی ئەم فڕۆکە پێشکەوتووە لە کاتێکدایە کە ژمارەی فەوجە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە ماوەی شەست ساڵی رابردوودا، لە بەرامبەردا چین بەردەوامە لە فراوانکردنی کەشتیگەلی فڕۆکەکانی نەوەی پێنجەم و تاقیکردنەوەی نەوەی شەشەم.
بەهۆی ئەوەی فڕۆکەی خۆماڵیی نەوەی پێنجەمی هیندستان پێش ساڵی 2035 ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، سوخۆی-57 وەک چارەسەرێکی کاتی دەبینرێت، هەروەها لە پاڵ ئەمەشدا تاوتوێی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەکانی سوخۆی-30 و دەستڕاگەیشتنی یەکتری بە بنکە سەربازییەکان دەکرێت، لە کاتێکدا بڕیارە پووتین لە کۆتایی ئەم مانگەدا بۆ لووتکەی بریکس سەردانی هیندستان بکات و گفتوگۆکان بەردەوامییان پێبدرێت.