وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانەیەکی ئەهلی دادەخات و چەند پزیشکێک دەداتە دادگا

دوای گیانلەدەستدانی ئافرەتێکی تەمەن 21 ساڵ لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت (ئەهلی) لە شاری هەولێر، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا بە داخستنی تەواوەتی ئەو نەخۆشخانەیە و رەوانەکردنی ئیدارەی نەخۆشخانەکە و پزیشکەکان بۆ دادگا، بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بە شێوازی نایاسایی لە هۆڵێکی داخراودا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: دوابەدوای رووداوی گیانلەدەستدانی نەخۆشێکی ئافرەت لە شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانی پشکنین سەردانی مەیدانییان ئەنجام داوە و چەندین سەرپێچیی مەترسیداریان دەستنیشان کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا دەرکەوتووە:

1. پزیشکی نەشتەرگەرییەکە هیچ رێگەپێدانێکی کارکردنی لەو نەخۆشخانەیەدا نەبووە.

2. ناوی پزیشکەکە لە لیستی میلاکی رێگەپێدراوانی وەزارەتدا بۆ کارکردن لەم نەخۆشخانەیەدا تۆمار نەکراوە.

3. نەشتەرگەریی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکە ئەنجام دراوە، لەکاتێکدا نەخۆشخانەکە نە بەشی فریاکەوتنی هەیە و نە هۆڵی چاودێریی چڕ (ICU).

4. هۆڵەکانی نەشتەرگەریی ئەم نەخۆشخانەیە بەهۆی گونجاو نەبوون و جێبەجێ نەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی، دوو مانگ لەمەوبەر (سەرەتای مانگی حوزەیران) بە بڕیاری فەرمی وەزارەت داخرابوون، بەڵام پزیشکی نەشتەرگەری، پزیشکی سڕکردن و ئیدارەی نەخۆشخانەکە بە دزییەوە و لە دەرگای دیکەی نافەرمییەوە چوونەتە ژوورەوە و نەشتەرگەرییەکەیان ئەنجام داوە.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی وەزارەت و ئەنجامدانی ئەم سەرپێچییە، نەخۆشەکە گیانی لەدەستداوە.

سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە "پاڵپشت بە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2020 (یاسای مافی نەخۆش) و پەیڕەوی ژمارە 16ی ساڵی 2022 تایبەت بە لێکۆڵینەوە، بڕیار درا ئەو نەخۆشخانەیە بە تەواوی بخرێتە ژێر فەرمانی داخستن، هەروەها ئیدارەی نەخۆشخانەکە و ئەنجامدەرانی سەرپێچییەکە (پزیشکەکان) هەواڵەی دادگا دەکرێن تاوەکو توندترین رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر."

وەزارەتی تەندروستی ئاگادارییەکی توندی ئاراستەی تەواوی نەخۆشخانە ئەهلییەکان، سەنتەر و کۆمەڵگە پزیشکییەکان کردووە کە دەبێت بەپێی مۆڵەتی بەرکار کار بوبکەن و تەواوی پزیشکان و کارمەندانیان ناویان لە لیستی رێگەپێدراوی وەزارەتدا هەبێت، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی و دادگا دەبنەوە.