تانکەر تراکەرز: هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە

ناوەندی "تانکەر تراکەرز" بۆ چاودێریی کەشتییە نەوتییەکان ئاشکرای کرد، بەهۆی جەنگ و گەمارۆکانی ئەمریکاوە، هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی گەرووی هورمزەوە لە 16.63 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 4.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا داڕماوە.

چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی ئامارەکانی ناوەندی تانکەر تراکەرز، لە قۆناخی پێش سەرهەڵدانی جەنگ لە سەرەتای ساڵی 2026دا، رۆژانە زیاتر لە 16.63 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکرا، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی پێکدادانەکان و سەپاندنی گەمارۆی یەکەمی ئەمریکا، بڕی هەناردە بۆ 2.72 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بووەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەرچەندە لە قۆناخی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتندا هەناردەکردن بۆ 10 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەوە، بەڵام بە سەپاندنی گەمارۆی دووەمی ئەمریکا، ئێستا ئاستی رۆژانەی تێپەڕبوونی نەوت لە 4.9 ملیۆن بەرمیلدا جێگیر بووە، بەم شێوەیەش لە کۆی 186 رۆژی جەنگدا 779 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووەکەدا تێپەڕیوە کە تێکڕای 4.19 ملیۆن بەرمیل نەوت دەکات لە رۆژێکدا.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم داتایانە، ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کرد، رۆژی سێشەممە نزیکەی 40 کەشتی لە گەرووی هورمزەوە هاتووچۆیان کردووە و بە ملیۆنان بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە، ئەمەش بەردەوامیی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان پێشان دەدات سەرەڕای ئاڵۆزییە سەربازییە بەردەوامەکان.