دەیان قوتابی دکتۆرای هەرێم لە زانکۆکانی عێراق رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە
دەیان خوێندکاری دکتۆرای هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکانی عێراق دەخوێنن، بەهۆی قبووڵنەکردنی فەرمانی هاوتاکردنی بڕوانامەی ماستەرەکەیان لە لایەن بەغداوە، رووبەڕووی مەترسیی پەککەوتنی خوێندنەکەیان بوونەتەوە و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمیش بۆ چارەکردنی کێشەکە هاتووەتە سەر هێڵ.
چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، ژمارەیەک قوتابی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـیان راگەیاند: ماوەی دوو ساڵە لە چوارچێوەی رێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، دەیان قوتابی و خوێندکاری هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندنی باڵا روویان لە زانکۆکانی عێراق کردووە.
ئاماژەیان بەوەش کرد، ئێستا ئەو خوێندکارانەی دکتۆرا کە بڕوانامەی ماستەرەکەیان لە دەرەوەی وڵات بەدەستهێناوە و لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم پرۆسەی هاوتاکردنی بڕوانامەیان بۆ ئەنجامدراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دان بە فەرمانی یەکسانکردنی بڕوانامەکەیان نانێت.
کوردستان24 زانیویەتی، ئەگەرچی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا رێگەیان بە دەستپێکردنی خوێندنی ئەم قوتابییانە داوە، بەڵام مۆڵەتێکی دوو ساڵەیان بۆ دیاریکردوون تاوەکوو کارەکانی هاوتاکردنی بڕوانامەکانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ دووبارە بکەنەوە.
هاوکات، بوونی جیاوازی لە رێنماییەکان و لیستی ئەو زانکۆ دەرەکییانەی کە لای هەولێر و بەغدا باوەڕپێکراون، بووەتە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی هاوتاکردنی بڕوانامەکانی خوێندکارە کوردەکان لە لایەن بەغداوە. ئەمەش مەترسییەکی جیددی لەسەر بەردەوامبوونی خوێندنی ئەم قوتابییانە دروست کردووە، بە تایبەتی ئەوانەی بە پارالێل وەرگیراون دەبێت پارەش بدەن و دواتر پارەکەشیان دەفەوتێت.
قوتابییە زیان لێکەوتووەکان داوا دەکەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ ئەوەی بەغدا بە فەرمی دان بە بڕیارەکانی هاوتاکردنی بڕوانامەی هەرێمی کوردستاندا بنێت.
لە لایەکی دیکەوە بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە سەر هێڵ و لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەغداوە هەوڵە چڕەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەیەکی گونجاو و کۆتاییهێنان بەم کێشەیە دەستپێکردووە.