ئیمارات سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات
ئیمارات هاوسۆزی و پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێراندا دووپات دەکاتەوە.
چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەنراوێکدا، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە دژبەرانەکانی ئێرانی کرد بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە بەحرەین، کوەیت، ئوردن و هەرێمی کوردستانی کردبووە ئامانج.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، ئەم هێرشە دژبەرانانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی وڵاتان و مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییان.
هاوكات، وەزارەتەکە هاوسۆزیی تەواوی دەوڵەتی ئیماراتی لەگەڵ بەحرەین، کوەیت، ئوردن، عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و، پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانە دەربڕی کە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییان دەگیرێنەبەر.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 10 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی شاری هەولێر، لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە خرایە خوارەوە و هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.