چاکسازیی گەورانی هەولێر پرۆسەی چاکسازیکردن و راهێنانی بەندکراوان فراوانتر دەکات

بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر ئاشکرای دەکات، سەرجەم ماف و خزمەتگوزارییەکانی بەندکراوان لەنێو چاکسازی زامنکراون و خوێندنی ئامادەیی، زانکۆ و ئاستی باڵاشیان بۆ فەراهەم کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات بەندکراوێکی ئاستی دکتۆرا دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی ئازاد کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی گەورانی هەولێر، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) کرایەوە.

دەربارەی ئەم بۆنەیە و دۆخی بەندکراوان، رێباز زیوەر، بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "ئامانجمان ئەوەیە بەندکراوان بە دروستی چاکساز ببن و بگەڕێنەوە سەر دۆخی ئاسایی ژیانی خۆیان. لە بەرێوەبەرایەتییەکەمان سەرجەم مافەکانیان زامنکراوە و خزمەتگوزاری زۆر باشیان پێشکەش دەکرێت."

رێباز زێوەر باسی لەوەش کرد، رێکخستنی چالاکی و بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن خودی بەندکراوانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی لەسەر دڵ و دەروونیان دروست دەکات و دەرفەتێکی باشیان بۆ دەرەخسێنێت. جەختیشی کردەوە کە سەرجەم بەشەکانی نێو چاکسازییەکە بەندکراوان خۆیان بەڕێوەی دەبەن بۆ ئەوەی کەشێکی تەواو ئارامیان بۆ فەراهەم بکرێت.

لەبارەی خول و چالاکییە پیشەیی و هۆشیارییەکانەوە، بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، لە ڕێگەی هۆبەی هۆشیارییەوە بەردەوام خولی سەرتاشی، فێربوونی زمانی بیانی، موزیک، کاری دەستی و چەندین چالاکی جۆراوجۆریان بۆ دەکرێتەوە. هەروەها هەفتانە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەدین، مامۆستایانی ئایینی، توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ سیمیناری تایبەت بۆ بەندکراوان پێشکەش دەکەن.

سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن لەنێو چاکسازییەکەدا، رێباز زیوەر ئاشکرای کرد "لە ئێستادا 30 قوتابیی بەندکراومان هەیە لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەخوێنن، هەروەها قوتابییەکی ئاستی دکتۆراشمانی تێدا بوو کە کاتی سزاکەی تەواو بوو و ئازاد کرا و گەڕایەوە نێو کەسوکاری."

بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواویان بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ئامادەیی و ناوەندی لەنێو چاکسازی کردووە و پرۆسەی تۆمارکردنی ناو و پێشکەشکردنی قوتابییانی بەندکراو بەردەوامە.