ترەمپ: شەوی رابردوو 28 کەشتیی ئێرانمان تێکشکاند

ترەمپ پێشنیاز دەکات ناوی گەرووی هورمز بگۆڕدرێت بۆ "گەرووی ترەمپ"

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی دەستیان بەسەر گەرووی هورمزدا گرتووە و لە شەوی رابردوودا 28 کەشتی و بەلەمی ئێرانیان لەناوبردووە، هاوکات دووپاتی کردەوە، بەهۆی بۆردوومانەکانی پێشووی ئەمریکاوە رێگری لە ئێران کراوە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی "پۆدکاستی لفتنەنت دان"، دووپاتی کردەوە، ئێران هەرگیز ناگاتە چەکی ئەتۆمی و ئێستا گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزەکانی ئەمریکادایە. ئاشکرای کرد کە تەنیا لە ماوەی شەوی رابردوودا سوپای ئەمریکا توانیویەتی 28 کەشتی و بەلەمی ئێرانی تێکبشکێنێت و هیچ دەرفەتێکی جووڵەیان بۆ نەهێڵنەوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ساڵی رابردوو فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری "بی دوو" (B-2) دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆردوومان نەکردایە، تاران تەنیا دوو هەفتەی مابوو بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هەروەها هۆشداری دا، دەستکەوتنی بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە دەبووە هۆی سڕینەوەی ئیسرائیل، وێرانبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشکردنە سەر شارەکانی ئەمریکا لەبەر ئەوەی سەرکردەکانی تاران کەسانێکی ژیر نین.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم قسانەدا، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پێشنیازی کرد کە دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، ناوی گەرووی هورمز بۆ "گەرووی ترەمپ" بگۆڕدرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چوارشەممە سێنتکۆم، رایگەیاندبوو، هێزەکانی ئەمریکا دوێنێ سێشەممە، زنجیرەیەک پێگەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردبوو ئامانج، لەوانە پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستەمەکانی رادار، کەلوپەل و دامەزراوە دەریایییەکان، ناوەندەکانی پەیوەندی و ئەو کەرەستە و توانایانەی بۆ چاندنی مین بەکاردەهێنران.

هاوکات لە بەرانبەردا سوپای پاسدارانی ئێران زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە لەوانە، هەرێمی کوردستان، بەحرەین، کوەیت، ئوردن ئەنجامدا.