روبیۆ: هەر وڵاتێک هاوکاری ئێران بکات، سزای دەدەین

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، ستراتیژی واشنتن بڕینی سەرچاوە دارایییەکانی تارانە بۆ رێگریکردن لە پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکان و دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، هاوکات هۆشداریی دایە هەر وڵاتێک کە هاوکاریی ئێران بکات بۆ دەربازبوون لە سزاکان.

چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "برایان کیلمید شوو" لە کەناڵی فۆکس نیوز، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا روونی کردەوە، ئابووریی ئێران لە داڕمانێکی تەواودایە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەر داهاتێک بەدەستبهێنن، لەبری خزمەتکردنی گەلەکەیان، بۆ دابینکردنی دارایی بۆ حزبوڵڵا، حەماس و میلیشیاکانی عێراق بەکاری دەهێنن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر روونە؛ هیچ وڵاتێک بۆی نییە یارمەتیی ئێران بدات بۆ رزگاربوون لە سزاکان یان دەستکەوتنی داهات، هەر دەوڵەتێکیش هەوڵی لەو شێوەیە بدات رووبەڕووی سزای توندی واشنتن دەبێتەوە.

سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، روبیۆ ئاشکرای کرد، ئێران کۆنترۆڵی گەرووەکەی لەدەستداوە و سەرجەم ئەو مینە دەریایییانەی لەوێ چاندبوونی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لەناوبراون، بەمەش رێڕەوی کەشتیوانی بۆ هاتوچۆی بازرگانیی نێودەوڵەتی بە کراوەیی و پارێزراوی دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بە تەواوی تێکشکێنراوە، بۆیە واشنتن ئازادیی تەواوی هەیە بۆ لێدانی هەر هەڕەشەیەک کە رووبەڕووی هێزەکانیان یان کەشتیوانیی جیهانی ببێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، رووسیا بەهۆی شەڕی ئۆکراینا و لێکەوتە ئابوورییەکانی بۆردوومان و سزاکان بە تەواوی سەرقاڵە و ناتوانێت یارمەتیی تاران بدات.

هەروەها سەبارەت بە داواکاریی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، روبیۆ جەختی کردەوە، واشنتن لە پێشینەی کارەکانیدا پاراستنی پێداویستی و کۆگاکانی چەکی ناوخۆی ئەمریکا دادەنێت پێش ئەوەی هاوکاریی سەربازی رەوانەی دەرەوە بکات.