بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ کوردستان24: لە هێرشەکەی سەر هەولێر سەرجەم هێزەکانمان سەلامەتن

بەرپرسێکی ئەمریکی تایبەت بە کوردستان24ـی رگەیاند، لە هێرشەکەی سەر هەولێر هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە و سەرجەم هێزەکانیان سەلامەتن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند: "لە هێرشەکەی سەر هەولێر هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، سەرجەم هێزەکانمان سەلامەتن و سیستەمی بەرگریمان لە کاتی هێرشەکەدا چالاک بووە."

ئەم لێدوانەی بەرپرسە ئەمریکییە لە کاتێکدایە، دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی هاوسۆزی و پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرامبەر هێرشەکاندا دووپات کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە بەحرەین، کوەیت، ئوردن، عێراق و هەرێمی کوردستانی کردبووە ئامانج.

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی وڵاتان و مەترسییەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات هاوسۆزیی تەواوی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دووپات کردەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرجەم ئەو رێوشوێنانە دەربڕی کە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییان دەگیرێنە بەر.