فراکسیۆنی سۆیانا پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەردەگرێت
سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەک گەورەترین فراکسیۆنی کریستیانەکان لە پەرلەمان، بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا دەکەن و پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیان پێدەدرێت.
چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پرسی بەشداریکردنی پێکهاتەی کریستیان لە حکوومەتدا تاوتوێ کراوە و بەڵێنی فەرمییان وەرگرتووە کە وەک گەورەترین فراکسیۆنی کریستیانەکان پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران وەربگرن.
ئاماژەی بەوە کرد، لە زووترین کاتدا کاندیدی خۆیان پێشکەشی سەرۆکوەزیران دەکەن، هاوکات ئەوەشی خستەڕوو کە کاندیدەکەیان بۆ ئەو پۆستە وەزارییە لە دەرەوەی پەرلەمانتارانی کریستیان دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی کریستیانەکان و تایبەتمەندیی ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان بەتایبەت لە دەشتی نەینەوا خراوەتە بەرباس، هاوکات نوێنەرانی کریستیانەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکومەت لە پێناو کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت و هێشتنەوەی لە دەستی دەوڵەتدا دەربڕیوە.
پێشتریش نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کۆبوونەوەی نێوان عەلی زەیدی و شاندی فراکسیۆنی سۆیانای لە بەغدا لەبارەی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی وەزاری پشتڕاست کردبووەوە.