بزووتنەوەی نوجەبا: هێزەکانی مقاوەمە ئامادەن بۆ شەڕی زەمینی و ئاسمانیی یەکلاکەرەوە

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، هۆشدارییەکی توند دەداتە دۆناڵد ترەمپ و رایدەگەیەنێت، هێزەکانی مقاوەمە بە تەواوی ئامادەن بۆ شەڕی یەکلاکەرەوە ئەگەر هێزە بیانییەکان تاوەکوو 30ـی ئەم مانگە بە تەواوی نەکشێنەوە.

چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، رێگە بە ترەمپ نادەن تەنانەت سەرکەوتنێکی میدیایی و ساختەش بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆی لە عێراق بەدەستبهێنێت. 

هاوکات پێداگریی لەسەر ئەوە کرد، ئامانجەکانی ترەمپ لە عێراقدا نایەنە دی و هۆشداریی دا کە عێراق دەبێتە هۆی تێکشکانی پلانەکانی.

ئەمینداری گشتیی نوجەبا جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانی مقاوەمە بە تەواوی ئامادەسازیی و جۆش و خرۆشەوە چاودێری رێکەوتی 30ـی ئەیلوول دەکەن.

دەشڵێت: تا کۆتایی ئەم مانگە ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەکشێنەوە و لە بڕیارەکەیان پەشیمان ببنەوە، بەرەی مقاوەمە ئامادەیە بۆ شەڕی زەمینی و ئاسمانیی یەکلاکەرەوە لەگەڵیاندا.

کەعبی باسی لەوەش کرد، ئەو پاشەکشەیەی ئێستای هێزە بیانییەکان تەنیا لە ئەنجامی گورزە بەهێزەکانی مقاوەمە بووە و هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر دوای کۆتایی ئەم مانگە تەنانەت یەک سەربازی بیانی لە عێراقدا بمێنێتەوە، بە زیندوویی ناگەڕێتەوە و تەرمەکەی رەوانە دەکەنەوە.