هەیبەت حەلبووسی و هۆشیار زێباری جەخت لە بەهێزکردنی دیالۆگی سیاسی دەکەنەوە

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و جەختیان لەسەر چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە پێی دەستوور کردەوە.

چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی حزبەکە لە بەغدا کرد.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی هەیبەت حەلبووسی، لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا بارودۆخی سیاسیی وڵات، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان، کاریگەری و رەنگدانەوەکانیان لەسەر عێراق تاوتێ کرد.

هەروەها جەختیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی دیالۆگی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، بە شێوازێک کە سەقامگیری و هاوکاریی هاوبەش بەهێز بکات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق کرا، بە ئامانجی کاراکردنی رۆڵی یاسادانان و چاودێریی پەرلەمان و، خێراکردنی پرۆسەی پەسەندکردنی ئەو یاسا سەرەکییانەی کە لە پێشینەی کارەکاندان و راستەوخۆ پەیوەندییان بە دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییانەوە هەیە.