ترەمپ: واشنتن کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزی کردووە

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دەداتە تاران لە ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ و رایدەگەیەنێت، واشنتن کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزی کردووە و رێگەی نەداوە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی گوت: ئێمە ئامادەین بۆ وەشاندنی گورزێکی دیکە لە ئێران.

هاوکات دەڵێت: تاران هەوڵی دابوو تواناکانی بۆ چاندنی مین لە دەریا سەر لە نوێ بونیاد بنێتەوە؛ بەڵام هێزەکانی ئەمریکا تێکیان شکاندووە.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم ئەو مووشەکانەی شەوی رابردوو لە لایەن ئێرانەوە هەڵدرابوون، خراونەتە خوارەوە. گوتیشی: ئێران رۆژ بە رۆژ بەرەو لاوازبوون و داڕمان دەچێت.

سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا ناچار بوو رێوشوێنی سەربازی دژی ئێران بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی. 

ترەمپ ئاشکرای کرد، ئەگەر ساڵێک لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری B-2 بۆ لەناوبردنی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران نەنێردرانایە، تاران تەنیا دوو هەفتەی مابوو بۆ بەدەستهێنان و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، کە ئەوەش دەبووە هۆی تیاچوونی ئیسرائیل، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشکردنە سەر شارەکانی ناوخۆی ئەمریکا.

لە بارەی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزەوە، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئێستا گەرووی هورمز لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە و هێزەکانیان لە شەوی پێشوودا ئاسانکارییان بۆ تێپەڕبوونی 28 کەشتی کردووە. 

ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دوو سەکۆی مووشەکیی ئێرانی لە دوورگەی لاریک بۆردومان کرد، کە وای لە ئێران کرد مووشەک ئاراستەی ئوردن و ئیمارات بکات. لە بەرامبەردا، سوپای ئەمریکا هێرشی زیاتری کردە سەر ئامانجەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز. 

لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، ئوردن، کوەیت و عێراق و بانگەشەی کوژرانی چەند سەربازێکی ئەمریکی لە ئوردن کردبوو.