بانکی خوێنی هەولێر: 100% پێداویستیی خوێنی نەخۆشانی تالاسیمیامان دابین کردووە
بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە رێگەی سیستەمێکی دیجیتاڵیی پێشکەوتووەوە تەواوی نەخۆشخانە حکوومی و تایبەتەکانیان بەستۆتەوە و تەنیا لە هەولێر ئامێری تایبەتی پشکنین هەیە؛ ئاشکراشی دەکات کە 100 هەزار بەخشەری بەردەوامی خوێنیان هەیە و تەواوی پێداویستیی نەخۆشانی تالاسیمیا لە ناوچەکەدا دابین کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، سانع ئەبابەکر، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سیستەمی دیجتاڵی بانکی خوێن زۆر یارمەتی و کارئاسانی بۆ کردووین، چونکە کوالێتی خوێن دیاری دەکات و ئەو کەسەی بیەوێت خوێن ببەخشێت، یەکجار لە سیستەم ناو و جۆری خوێنەکەی تۆمار دەکرێت، ئەگەر خوێنەکەی باش نەبێت، ناتوانرێت سوودی لێ وەبگرێت و ناوی دەچێتە ناو سیستەم، هەروەها ئەو کەسەی خوێن دەبەخشێت پێویست ناکات بۆ جاری دووەم پشکنینی جۆری خوێنی بۆ بکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەرستەی کەمتر بەکاربهێنین.
بەڕێوەبەری بانکی خوێن ئاماژەی بەوەدا، سیستەمی بانکی خوێن بە رێگەی دیجیتاڵی لەگەڵ سەرجەم نەخۆشخانە تایبەت و حکوومییەکان بەستراوەتەوە، هەر کەسێک داوای خوێن بکات بە رێگەی ئۆنلاین و لەو نەخۆشخانەی داوای دەکات بۆ ئێمەی دەنێرێت، ئەمەش رێگە لە نوسراوی ساختە دەگرێت و کارەکان خێراتر دەکات.
سانع ئەبابەکر باسی لەوەش کرد، 150 هەزار خوێنبەخشمان هەن، بەڵام 100 هەزاریان بەردەوامن، واتە ساڵی دووجار خوێندەبەخشن، سەرجەمیان ناویان تۆمارکراوە، هاوکات سەرجەمیان ناویان تاهەتایی لەنێو سیستەم دەمێنێتەوە.
بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر رایگەیاند: ئەوانەی خوێندەبەخشن 100% بە ئارەزووی خۆیان دێن و ئەو خوێنەی لەلای ئێمە دەمێنێتەوە، لە کۆگا و لە شوێنێکی زۆرگونجاو و تەندروست خەزن دەکرێت، بۆ ئەوەی لە کاتی هەبوونی هەر حاڵەتێکی لەناکاو و نەخوازراو یارمەتیمان بدات.
گوتیشی، توانراوە بە تەواوی خوێن بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا دابین بکرێت و بە هیچ جۆریک کێشەی کەمی خوێنمان نەبێت، تەنانەت خەڵکی شاری موسڵیش سوودمەند بووە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئامێرە تایبەتەی ئێمە هەمانە، چونکە تەنیا لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان پشکنینی تایبەت دەکرێت.
دەشڵێت، نەخۆشانی تالاسیمیا سوودمەندی سەرەکی بوونە لەو سیستەمە و مانگانە هەزار و 200 بوتڵ خوێنیان پێ دەدرێت و هاوکات رۆژانە 20 بۆ 40 بوتڵ خوێن بە نەخۆشخانەی نانەکەلی دەدرێت و هەروەها بۆ نەخۆشانی گورچیلەی دەستکرد 10 بۆ 20 بوتڵ خوێنیان پێ دەدرێت.