گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق: هاوینێکی سەختی بێ کارەبامان بەڕێکرد
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا تەنیا 24 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن لە کاتێکدا پێویستییان بە 60 هەزار مێگاواتە، بەم هۆیەشەوە تێکڕای پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان 10 کاتژمێرە؛ ئاشکراشی دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان 1400 مێگاوات کارەبای دیکە بۆ تۆڕی نیشتمانیی عێراق زیاد دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد جیاد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (باسی ڕۆژ)ی کوردستان24 کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند "عێراق هاوینێکی سەخت و پڕ لە کێشەی بێ کارەبایی تێپەڕاند، لە ئێستاشدا کار دەکەین بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی کارەبا تاوەکو ئەو جیاوازییە زۆرەی لە نێوان بڕی بەرهەمهێنان و پێداویستیی واقیعی کە 60 هەزار مێگاواتە، کەمی بڕەوێنینەوە بۆ ئەوەی بۆ هاوینی داهاتوو ئامادەین."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوە دا، هەماهەنگییەکی گەورەیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە تاوەکو لە رێگەی وێستگەکانی وەبەرهێنانی وزە لە هەرێم، بە زیادکردنی 1400 مێگاواتی دیکەی رۆژانە تۆڕی کارەبای نیشتمانی بەهێزتر ببن. گوتیشی: "پلانێکی تۆکمەمان داناوە بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی وزە لە تۆڕەکاندا، بەشێک لەم پلانەش جێبەجێکردنی سیستەمی پێوەری زیرەکە بە هەماهەنگی پارێزگاری شارەکان."
دەربارەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە وڵاتانی دراوسێوە، ئەحمەد جیاد روونی کردەوە "دەمانەوێت سوود لە کارەبای وڵاتانی دراوسێ وەربگرین، رێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ هاوردەکردنی 600مێگاوات کارەبا، لەگەڵ کوەیتیش پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕەکانی کارەبامان هەیە، هاوکات چاوەڕوانی سەردانی وەزیری کارەبا دەکەین بۆ سعودیە بۆ نۆژەنکردنەوەی وێستگەکان."
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیاندا بۆ دابینکردنی وزەی پاک، پلانیان هەیە لە ڕێگەی سیستەمی سۆلارەوە (وزەی خۆر) 10هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن.