لە پردێ هێرشکرایە سەر خاڵێکی حەشدی شەعبی و کوژراو و بریندار هەیە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، کاتژمێر 2ـی بەرەبەیان لە پردێ، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر خاڵێکی پشکنینی حەشدی شەعبیی تورکمانی.

سەرچاوەیەکی پۆلیس بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ئەندامێکی حەشدی شەعبی بەناوی عەلی بەهجەت حامد گیانی لەدەستداوە و ئەندامێکی دیکەش بەناوی جونەید عیسمەت بەهجەت بە سەختی بریندار بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، رووداوەکە لەناو شارەدێیەکەدا بووە و دوو کەس کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە، هێرشەکەیان کردووە و پاشان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.

دوای رووداوەکە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک گەیشتووەتە شوێنی مەبەست. دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و رێکارەکانی دەستگیرکردنی هێرشبەرەکان دەستیان پێکردووە.