ئاژانسی ئەتۆم: ئێران رێگری لە پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەکات

چارەنووسی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نادیارە

راپۆرتێکی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەبارەت بە دۆخی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرایکرد، کەلێنێکی گەورە لە پرۆسەی پشکنین و چاودێریکردندا هەیە. ئەم دۆخە گومانی زۆری لەبارەی چالاکییەکانی دامەزراوەی ئیسفەهان دروستکردووە، بەوپێیەی ئاژانسەکە لە شەش مانگی رابردوودا نەیتوانیوە پشکنینی مەیدانی بۆ ئەو ناوەندە بکات.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتەکەیدا جەختیکردەوە، لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا هیچ پشکنینێکی مەیدانییان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا نەکردووە. ئەو سنووردارکردنەش توانای ئاژانسەکەی بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکانی ناو بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەتەواوی لاوازکردووە.

راپۆرتەکە ئاشکرایکرد، ئاژانسەکە نەیتوانیوە چاودێریی چالاکییەکانی ئامێرەکانی ناوەندگیر لە ئێران بکات، بەو پێیەی دڵنیا نین لە دۆخی وردی دامەزراوەی پیتاندنی ئیسفەهان.

رۆژی سێشەممە، رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکی نافەرمیدا رایگەیاند؛ ئێران بەردەوامە لە رەتکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ پشکنەرانی ئاژانسەکە. بە گوێرەی راپۆرتەکە، تاران پشکنەرانی لە دۆخێکی نادیاردا هێشتووەتەوە سەبارەت بە پاشەکەوتی یۆرانیۆمی مشتومڕلێکراوی ئەو وڵاتە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوامە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، تاران هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆم بە ئاژانسەکە لە ڤییەنا نەداوە. شارەزایان پێیانوایە ئەو بڕە یۆرانیۆمە ئەگەر رێژەی پیتاندنەکەی بەرزبکرێتەوە، بەشی دروستکردنی چەندین چەکی ئەتۆمی دەکات.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پێش ئەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە حوزەیرانی 2025 کران، مەزەندەی کردبوو ئێران خاوەنی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60% بێت. ئەو رێژەیە نزیکە لە ئاستی 90% کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستە و بەتەواوی لەو سنوورەی 3.67% بەدەرە کە لە رێککەوتنی نێوان ئێران و زلهێزەکان لە ساڵی 2015دا دیاریکرابوو. چارەنووسی ئەو پاشەکەوتە لە حوزەیرانی 2025ـەوە تا ئێستا نادیار ماوەتەوە.

گرۆسی لە مانگی حوزەیراندا گوتی: "بڕوای باو ئەوەیە کە پاشەکەوتەکە هێشتا لە شوێنی پێشووی خۆی لە نزیک دامەزراوەی ئەتۆمیی ئەسفەهاندا مابێت".

دامەزراوەی ئەتۆمیی ئەسفەهان یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و کۆمەڵگەکی فراوانی دامەزراوەکانی بەکارهێنان، گۆڕینی یۆرانیۆم و دروستکردنی سووتەمەنی لەخۆدەگرێت.