سوپای کوەیت: چەند هێرشێکی مووشەکی و درۆنمانی ئێرانمان تێکشکاند

زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کوەیت لێی درا و سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی هێرشی مووشەکی و درۆنی دوژمنکارانەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەو رێوشوێنانە لە وەڵامی هێرشێکی ئێران گیراونەتەبەر. سوپا جەختیکردەوە دەنگی تەقینەوەکان لە ناوچەکە، بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەوەیە کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی بۆ تێکشکاندنی ئامانجە هێرشبەرەکان دەیکەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سوپای کوەیت داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان و راسپاردەی دەزگا پەیوەندیدارەکان بن.

پێشتر سوپای کوەیت رایگەیاندبوو، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویەتی چەند درۆنێک تێکبشکێنێت کە بە گوتەی ئەوان لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون، هاوکات باسی ئەوەشی کردبوو دەنگی تەقینەوەکانی پێشوو بەهۆی چالاکیی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە بووە.