ئەمریکا رێڕەوی زیاتر لە 80 کەشتیی بازرگانی دەگۆڕێت

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" ئامارێکی نوێی چالاکییەکانی لە چوارچێوەی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان تا رێکەوتی 2ـی ئەیلوول رێڕەوی 86 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە.

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا بەردەوامە لە جێبەجێکردنی توندی گەمارۆکان.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، هێزەکانی ئەمریکا سێ کەشتییان پەکخستووە و هەروەها چوونەتە سەر دوو کەشتی دیکە بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە رێکارەکانی گەمارۆکە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ناوی ئەو کەشتییانە و ئاڵای وڵاتەکانیان و سروشتی بارەکانیان ئاشکرانەکرد. هەروەها ئەو شوێنانەی تێیدا دەستبەسەر کراون یان رێڕەویان گۆڕدراوە، لە بەیاننامەکەدا دیاری نەکراون.

ئامارە نوێیەکە بەردەوامیی فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا دەردەخات. سێنتکۆم 28ـی ئاب رایگەیاندبوو، هێزەکانیان رێڕەوی 82 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژمارەکە تا 2ـی ئەیلوول بە زیادبوونی چوار کەشتی گەیشتووەتە 86 کەشتی.

سەبارەت بە کەشتییە پەکخراوەکان و ئەوانەی هێزەکانی ئەمریکا هەڵیانکوتاوەتە سەریان، ئامارەکە گۆڕانکاری بەخۆوە نەبینیوە. ژمارەی کەشتییە پەکخراوەکان لەسەر سێ کەشتی ماوەتەوە و ژمارەی ئەو کەشتییانەش وەک خۆی لە دوو کەشتی ماوەتەوە.

ناوچەکە زنجیرەیەک هێرشی ئەمریکای بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە ناو خاکی ئێران بەخۆوە بینیوە. فەرماندەیی ناوەندیی پێشتر رایگەیاندبوو، چەند پێگەیەکی سەر بە سوپای پاسداران کراونەتە ئامانج، کە لە نێویاندا بەرگرییە ئاسمانییەکان، سیستەمەکانی رادار، دامەزراوە دەریاییەکان، تواناکانی چاندنی مین و پێگە ئاسمانییەکان هەبوون.