وۆڵ ستریت جۆرناڵ: کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران و ئەمریکا نزیکبووەتەوە

وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی چارەنووسی جەنگی دژی ئێران و ئەگەری راگەیاندنی کۆتاییهێنان بەو جەنگە دەکات.

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستییەوە، ترەمپ لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانیدا سەبارەت بە ئەگەری راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران کۆدەبێتەوە. ئەو بەرپرسانە روونیکردەوە، ترەمپ پێیوایە بەردەوامبوونی فشارە ئابوورییەکان لە کۆتاییدا رژێمی ئێران ناچار دەکات یان دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت، یان تووشی داڕمان بێت.

دوو سەرچاوەی ئەمریکی پشتڕاستیان کردەوە 19 کەشتیی جەنگی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاوکراونەتەوە، لەنێویاندا دوو فڕۆکەهەڵگر و 13 کەشتیی جەنگیی مووشەکهاوێژ هەن. هاوکات سەرچاوە ئەمریکییەکان روونیکردەوە، ماوەی ئەرکی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە نۆ مانگەوە بۆ ساڵێک درێژکراوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئەمریکا بەشێکی زۆری تواناکانی سەربازیی ئێرانی تێکشکاندووە و بە بڕوای من، بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەو جەنگەدا بووەتە بابەتی کات". ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، واشنتن زیانی گەورەی بە ئێران گەیاندووە. ئەو روونیکردەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنانە بە رێژەی زیاتر لە 99%ـی ئامانجیان پشتگیریکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل و هەروەها پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە.

ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە، ئێران پێشتر هەوڵی دەدا ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناوببات پێش ئەوەی روو بکاتە ئەوروپا و شارەکانی ئەمریکا.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکات و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر تانکەری نەوت بەوێدا تێپەڕ دەبن. سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی؛ وەڵامی ئێران بۆ هێرشە ئەمریکییەکان زۆر لاواز بووە و ئێران نەیتوانیوە پێشڕەوییەکانی ئەمریکا رابگرێت. جەختیکردەوە، کۆتاییهێنان بە جەنگەکە نزیک و حەتمییە و تەنیا کاتی ماوە.