دادگایی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026، چوارەم دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی دۆسیەی لالەزار لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای زیاتر لە ساڵێک بەسەر رووداوەکەدا.
ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، دانیشتنەکە لە دادگای 2ـی تاوانەکانی سلێمانی لەسەر ماددەی 56، کە تایبەتە بە هاندان بۆ کوشتن، بەڕێوەدەچێت. هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی توندی ئەمنییان لە دەوروبەری دادگا گرتووەتە بەر و پێشبینی دەکرێت دانیشتنەکە کاتژمێر 10:00 دەستپێبکات.
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی ئاشکرایانکرد، دۆسیەکە لە 800 لاپەڕە پێکهاتووە و ئەوان بە تەواوەتی بۆ دانیشتنەکە ئامادەن. پارێزەران جەختیان لەوەکردەوە، بەڵگەی پێویستیان بۆ ئازادکردنی گیراوان ئامادەکردووە و داوایان کردووە دۆسیەکە چیتر دوانەخرێت.
سەبارەت بە رەوتی دانیشتنەکە، پارێزەران رایانگەیاند، لەم دانیشتنەدا گوتەی تۆمەتباران دووبارە وەردەگیرێتەوە، چونکە وەرگرتنی گوتەکان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی ئاسایش بەبێ ئامادەبوونی پارێزەران بووە و ئەمەش لە رووی یاساییەوە کەموكوڕییە.
هاوکات، تیمی پارێزەران و کەسوکاری لاهور شێخ جەنگی روونیکردەوە، دانیشتنی ئەمڕۆ لە رووی سیاسییەوە گرنگیی تایبەتی هەیە، چونکە پێشتر بەهۆی گوشاری سیاسییەوە دانیشتنەکان دوا دەخران. ئەوان داوای کەمکردنەوەی ئەو گوشارانەیان کردووە تا دۆسیەکە رەوتی یاسایی خۆی وەربگرێت.
لە بەشێکی دیکەی دۆسیەکەدا کێشەیەکی یاسایی هەیە، بەوپێیەی سکاڵاکارانی دۆسیەکە، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، لە دانیشتنەکانی رابردوودا ئامادە نەبوون. بەپێی یاسا پێویستە سکاڵاکار ئامادەبێت تا دانیشتنەکە بە شێوەیەکی یاسایی بەڕێوەبچێت.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.