نۆرویژ لەسەر داوای ئۆکرانیا، کەشتییەکی رووسی دەستبەسەردەکات
نۆرویژ لەسەر داوای کۆمپانیای وزەی حکوومیی ئۆکرانیا ناسراو بە "نافتۆگاز"، کەشتییەکی گەشتیاریی رووسیای لە ناوچەی جەمسەری باکوور دەستبەسەر کرد، ئەمەش بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆمپانیایە بەرامبەر بە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکەی.
کۆمپانیای وزەی نافتۆگاز راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی نۆرویژ بە فەرمانی دادگایەکی وڵاتەکەیان، کەشتی "پرۆفیسۆر مۆڵچانۆڤ"ـیان لە دوورگەکانی سفالبارد دەستبەسەر کردووە، ئەفتنپۆستنـی نۆرویژی لە زاری بەرپرسێکی پۆلیسی سفالباردەوە، دەستبەسەرکردنی کەشتییەکەی پشتڕاستکردەوە.
ئەم رێکارە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارێکی دادگادایە کە رووسیای پابەند کردووە بە پێدانی بڕی 4.2 ملیار دۆلار بە نافتۆگاز، ئەو بڕیارە وەک قەرەبوویەک بۆ دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی موڵک و ماڵی کۆمپانیاکە لەدوای لکاندنی نیمچە دوورگەی کریمیا بە رووسیا لە ساڵی 2014 دەرکراوە.
سێرگی فیدۆرنکۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەوەکالەتی نافتۆگاز، ئەو هەنگاوەی نۆرویژی بە هەنگاوێکی گرنگ لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری لەبارەی دۆسیەی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکان وەسف کرد.
فیدۆرنکۆ گوتیشی "بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بۆ موڵک و ماڵی رووسیا لە سەرانسەری جیهاندا، تا ئەو کاتەی بە تەواوی قەرەبووی دیاریکراو بە کۆمپانیای نافتۆگاز و کۆمپانیاکانی دیکەی سەر بەو کۆمپانیایە دەدرێت."
فیسڵ فایندەر کە تایبەتمەندە بە چاودێریکردنی کەشتییەکان، بڵاویکردەوە، کەشتی پرۆفیسۆر مۆڵچانۆڤ لە بارێنتسبۆرگ، کە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی کرێکارانی کانزاکانە، لەنگەری گرتووە.